هاوسەنگیخوازیی ملهۆڕەکان: مۆسکۆ، پێکەن و تاران

هاوسەنگیخوازیی ملهۆڕەکان: مۆسکۆ، پێکەن و تاران

د. محەمەد حوسێن زادە

بەستێنسازی

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا دوای ڕووخانی دیواری بێرلین و هەڵوەشانەوەی یەکیەتیی سۆڤیەت و کۆتاییهاتنی جەنگی سارد، وەک زلهێزی یەکەم یان دەوڵەتی هێژمۆن لە سیستەمی نێونەتەوەییدا سەری هەڵدا، بەو مانایە کە ئەو وڵاتە سیستەمی دڵخوازی خۆی لە ئاستی جیهانیدا دامەزراند و بنەماکان، نۆرم و پێودانەکان، یاسا و ڕێساکان و پرۆسەکانی بڕیاردانی ئەو سیستەمەی تا ڕادەیەکی زۆر دەستنیشان و کۆنتڕۆڵ کرد. لەو کاتەوە، باقی وڵاتان بەناچار شێوازی پەیوەندییەکانی خۆیان لەگەڵ ئەو زلهێزە داڕشتووە، هەندێکیان دانیان بە باڵادەستی و پێگەی هێژمۆنی 1 ئەو وڵاتەدا ناوە. دەستەیەکیان خۆیان لێ گێل کردووە و گرووپێکیش دژایەتی ئەو سیستەمە دەکەن. ئەمانەی دوایی، واتە وڵاتانی دژبەری سیستەمی هێژمۆنی یان تاک جەمسەری، بە گشتی دەتوانن بە دوو شێوازی پێکهێنانی هاوسەنگی نێوخۆیی یان دەرەکی هەوڵی وەلانانی ئەو سیستەمە و پێکهێنانی سیستەمی فرەجەمسەری بدەن. هاوسەنگیی نێوخۆیی ئاماژەیە بۆ کەڵکوەرگرتنی وڵاتێک لە هەموو توانا و فاکتۆرەکانی هێزی خۆی لە نێوخۆدا بەمەبەستی مسۆگەرکردنی ئاسایشی خۆی یان کێبڕکێ لەگەڵ وڵاتێکی زلهێز لە ئاستی دەرەکیدا. کەوابوو، لە هاوسەنگی نێوخۆییدا وڵاتان پشت بە توانای خۆیان دەبەستن. ئەم ستراتیژییە زۆر جاریش بە ناوی ستراتیژی “خۆیارمەتی”دەناسرێتەوە. بەپێچەوانەوە، هاوسەنگیی دەرەکی زیاتر ئاماژەیە بۆ هەوڵی وڵاتان بۆ پێکهێنانی بەرە یاخود هاوپەیمانەتییەک بەمەبەستی دابینکردنی ئاسایشی هەر یەک لە ئەندامان یاخود بەربەرەکانێ لەگەڵ فراوانخوازیی وڵاتێکی تایبەت.

لەم ساڵانەی دواییدا بە شێوەیەکی بەرچاو و بەربڵاو چەمکگەلێکی وەک “هاوسەنگی”، “هاوسەنگیی هێز”،  “پێکهێنانی هاوسەنگی”، “هاوسەنگیخوازی” و “تاکجەمسەری” و “کۆتاییی سەردەمی هێژمونی یان تاکجەمسەری” لە ئەدەبیاتی سیاسی و بەتایبەت سیاسەتی نێونەتەوەییدا و هەروەها لە میدیاکاندا بەکار دێن. زۆر جاریش بەکارهێنانیان ئاماژەیە بۆ هەوڵی وڵاتانێکی زلهێزی وەک چین و ‌ڕووسیە بۆ کۆتاییهێنان بە باڵادەستی واشنتۆن و بەدیهێنانی جیهانێکی فرەجەمسەری. هەر لەو چوارچێوەیەدا زۆر جاریش ئاماژە بە پێکهاتنی هەندێ هاوپەیمانەتیی دژە هێژمۆن کراوە. یەکێک لە بەرجەستەترین نموونەکان بەرەی ڕووسیە- چین- ئێرانە کە وەک بەرەیەکی دژە ئەمریکی ناسراوەتەوە. من لەم کورتەنووسراوەدا دەمەوێت ئاماژە بەو بەرەیە وەک بەرەی وڵاتانی ملهۆڕی هاوسەنگیخواز و بەشێک لە هەوڵەکانیان لە ئاراستەی جێگیرکردنی هاوسەنگیدا بکەم، بەڵام پێش ئەوە با بزانین مانا و نێوەڕۆکی هاوسەنگیی هێز چییە و هاوسەنگیخوازی بۆچی و لە چییەوە سەرچاوە دەگرێت؟

 

اشتراک گذاری: