ئەساسنامە

بەرنامە و پێڕەوی‌ نێوخۆی یەکیەتیی‌ خوێندکارانی‌ دێموکراتی‌ کوردستان

پێشەکی:‌
سیستمی‌ پەروەردە و فێرکردنی مۆدێڕن‌، بەتایبەتی‌ خوێندنی‌ باڵا وەکوو دیارترین پارادۆکس بۆ حکوومەتە دیکتاتۆر و داخراوەکان بە زەقی‌ دەردەکەوێت‌. ئەم جۆرە سیستمە دەسەڵاتدارییانە کە بەپێی نێوەڕۆکیان پەرەپێدەری‌ نەزانینن، بۆ دەستڕاگەیشتن بە زانست ‌و تکنۆلۆژیای‌ نوێ ‌‌و بە سەرنجدان بە پێویستییەکانی‌ دنیای‌ نوێ‌، ناچارن دەست بدەنە دامەزراندن‌ و پەرەپێدانی‌ زانکۆ‌ و ناوەندە فێرکارییە باڵاکان. چونکە بەڕێوەبردنی‌ کۆمەڵگا لە سەردەمی‌ شۆڕشی‌ زانیاری(ئینفۆرماتیکـ)ـدا، بەبێ ‌فێربوون ‌و بەدەستهێنانی‌ بەشێک لە لێزانی ‌‌و پسپۆڕییەکان نەلواو دێتە پێش چاو ‌و بەدەستهێنانی‌ لێزانی‌‌ و پسپۆڕیش بەبێ‌ دامەزراندن ‌و فراوانکردنی‌ سیستمی‌ فێرکردنی‌ باڵا، دەستەبەر نابێت. بەڵام هەر ئەم ناوەندانە کە بە هۆی‌ ڕێژیمە تۆتالیتێرەکانەوە پێک دەهێنرێن، بە خێراییەکی‌ سەرسووڕهێنەرەوە دەبنە ناوەندی‌ بەربەرەکانێ‌ لەگەڵ‌ ئەو ڕێژیمە دیکتاتۆرانە‌ و ڕووبەڕووی‌ بەربەرەکانێیەکی‌ قووڵیان دەکەنەوە. چونکە ئەو مرۆڤانەی‌ کە لەم ناوەندە زانستی ‌‌و فێرکارییانەدا دەخوێنن، بە زوویی‌ تێ‌ دەگەن کە دیکتاتۆر لەگەڵ‌ زانست ‌و مەعریفەتدا لە دژایەتییەکی‌ ئاشکرادایە‌ و بە گەورەترین بەربەستی‌ ژیار و پێشکەوتن دەژمێردرێ‌‌. لێرەوە خوێندکاران دەکەونە پێکۆڵکردنی‌ ڕێژیمە دیکتاتۆرەکان بۆ کرانەوەیان بە ڕووی‌ دیمۆکراسی‌‌ و ئازادیدا، هەر ئەمەش زانکۆ‌ و ناوەندە فێرکارییەکان دەکاتە ناوەندی‌ دژایەتیی‌ بنەڕەتی ‌‌و بەرین بەدژی‌ دیاردەی‌ سیستمە دیکتاتۆرەکان‌ و دەبێتە هۆی‌ سەرهەڵدانی‌ دیاردەیەک بە ناوی‌ “بزووتنەوەی‌ خوێندکاری‌” و دەیکاتە بوونێکی‌ بەرهەست (ئۆبژێکتیڤ).

پێشمەرجی هەبوونی هەر بزووتنەوەیەکی خوێندکاری پەیوەستە بە هەبوونی زانکۆ و خوێندکارەوە. سەرهەڵدان و دامەزراندنی زانکۆش لە هەر کۆمەڵگایەکدا پەیوەستە بە هەبوونی کۆمەڵێک فاکتەری سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە کە تێکڕا دەست دەدەنە دەست یەک و بەستێنی پێکهاتنی زانکۆ دەستەبەر دەکەن. گەلی کورد بە سەرنجدان بە مێژووەکەی و ژێردەستەبوونی تا مێژوویەکی دووروودرێژ نەیتوانیوە فاکتەرە کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسییەکان بە ئاراستەیەکی ئەرێنی بگۆڕێ و لەگەڵ خواست و ئارەزووەکانی خۆیدا بیانگونجێنێ. لە ڕاستیدا لە زۆر حاڵەتدا هەلومەرجی ژێردەستەبوونی کورد وای کردووە کە ئەم بابەتە جێ نه‌گرێت. سەرەڕای هەموو ئەمانەش تاکەکانی ئەم نەتەوەیە هەروا دەستەوەستان دانەنیشتوون، بەڵکوو هەوڵیان داوە کەلێنەکانی نەبوونی زانکۆ و ئەو ئاگاییەی کە زانکۆ بەرهەمی دەهێنێ، لە قاوغی کۆمەڵێک چالاکی و ئەزموونی دیکەدا پڕ بکەنەوە. هەر بۆ ئەم مەبەستەش دەتوانین بڵێین، کە بزووتنەوەی‌ خوێندکاری‌ کوردستان بە درێژەدەری‌ بزووتنەوەی ‌ ڕۆشنبیری‌ نەتەوەییی کورد دادەنرێ‌ کە ژێرخانی‌ هزریی‌ ئەم بزووتنەوەیە “خودئاگایی‌ نەتەوەیی‌” بووە. ڕیشەی‌ ئەم بزووتنەوەیە مێژووی خەباتی‌ پڕهەوراز‌ و نشیوی‌ نەتەوەی‌ کوردە لە پێناو مافە نەتەوەیییەکان، کە دواجار ئەم بزووتنەوەیە لە مێژووی‌ هاوچەرخماندا بە دامەزراندنی‌ سیستمێکی‌ سەردەمیانەی‌ دەسەڵاتداریەتی، واتە کۆماری‌ کوردستان لە ساڵی‌ ١٣٢٤ی‌ هەتاوی‌ (١٩٤٥زایینیـ)ـدا، گەیشتە ترۆپکی‌ خۆی ‌‌و لەوێوە لە ژێر تیشکی‌ بنەما مۆدێڕنەکانی‌ گەڕان بەدوای‌ شوناسی‌ نەتەوەییدا بناغەی‌ هەوڵدانێکی‌ سەردەمیانە بۆ بەدەستهێنانی‌ مافە نەتەوەیییەکان‌ و ڕزگاریی‌ نەتەوەیی‌ دانرا.

ڕێبەرانی‌ بزووتنەوەی‌ ڕۆشنبیریی‌ کورد هەر ئەو تێکۆشەرانە بوون کە لە لایەکەوە ڕێبەرایەتیی‌ خەباتی‌ نەتەوەیی‌ ـ دیمۆکراتیکی‌ نەتەوەی‌ کوردیان دەکرد‌ و لە لایەکی‌ دیکەشەوە‌ تێ دەکۆشان چەمک ‌و زاراوە مۆدێڕنەکان لە کۆمەڵگادا بڵاو بکەنەوە. خوێندکارانی‌ کورد وەکوو بەشێک لەو بزاڤە لە کۆماری‌ کوردستانەوە بە شێوەیەکی‌ دیار دەردەکەون ‌و کۆمەڵێکیان بەڕێ‌ دەکرێن بۆ دەرەوەی‌ وڵات بۆ خوێندن.
لە پاش نەمانی‌ کۆماری‌ کوردستان خوێندکارانی‌ کورد وەک چین ‌و توێژەکانی‌ دیکەی نەتەوەی‌ کورد بەشداریی‌ خەباتی‌ نەتەوەیی‌ ـ دیمۆکراتیکیان کردووە، کە دەتوانین ئاماژە بە ڕۆڵی شەهید دوکتور قاسملوو لە دامەزرانی‌ (ئەنجومەنی‌ خوێندکارانی‌ کورد لە ئورووپا) و هەروەها دامەزرانی ئەنجومەنی خوێندکارانی کورد لە تاران و ڕۆڵی‌ کەسانێکی وەک شەهیدان “ئیسماعیل شەریفزادە و عەبدوڵڵا موعینی”، لە ڕاپەڕینی‌ ساڵانی‌ ٤٦ ـ ٤٧دا بکەین. بەتایبەت لێرەدا جێی خۆیەتی ئاماژە بە دەور و کاریگەریی کەسانێکی وەک شەهید ئیسماعیل شەریفزادە بکەین، کە لە ڕەوتی خەباتی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد، کە وەک خوێندکارێکی دەروەستی کورد، لە ڕاپەڕینی ساڵانی‌ ٤٦ ـ ٤٧دا بەشداریی کرد و گیانی خۆی بەخشییە ئامانجە باڵاکانی خەباتی ڕزگاریخوازانەی گەلەکەمان.

هەر لەم سۆنگەیەشەوە بوو کە یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان، ١٢ی بانەمەڕ، ڕۆژی شەهیدبوونی ئەم خوێندکارە دەروەستەی کوردستانی لە ڕەوتی بەگژداچوونەوەی دیکتاتۆریدا، وەک “ڕۆژی خوێندکاری کورد” دەستنیشان کرد.

کۆتایییەکانی‌ دەیەی‌ شەست و سەرەتاکانی دەیەی حەفتای هەتاوی، بە سەرەتای‌ دەرکەوتنی‌ کۆمەڵێک‌ گۆڕانکاری‌ لە ئاستی‌ نێوخۆ‌‌ و دەرەوەی‌ کۆمەڵگای‌ کوردستان دەژمێردرێت‌. لە ئاستی‌ دەرەکیدا بەهۆی‌ ڕووخانی‌ یەکیەتیی‌ سۆڤیەت ‌و زاڵبوونی‌ گوتاری‌ نەتەوەیی‌‌ و دێموکراسی‌ بە شێوەیەکی‌ گشتی‌، گەشەکردن ‌و پەرەسەندنی‌ بەجیهانیبوون‌ و هەروەها ڕاپەڕینی‌ کوردستانی‌ باشوور، وەرچەرخانێکی‌ بەرچاو لە هاوکێشە سیاسییەکانی‌ ڕۆژهەڵاتی‌ نێوەڕاستدا هاتە کایەوە‌ و لە چەندین ئاستدا کاریگەریی‌ لەسەر وڵاتی‌ ئێران‌ و هاوکێشە سیاسی ‌‌و کۆمەڵایەتییەکانی‌ ئەو وڵاتە دانا. لە ئاستی‌ نێوخۆیی‌ کۆمەڵگای‌ کوردیشدا بەهۆی‌ گەشەکردن و‌ زۆربوونی‌ ڕێژەی حەشیمەت، پەرەسەندنی‌ شارنشینی ‌‌و چوونی‌ ژمارەیەکی‌ زۆرتری‌ ڕۆڵەکانی‌ کورد بۆ زانکۆ‌کان، توێژێکی‌ دیاری‌ خوێندکار لە نیوەی‌ دووهەمی‌ دەیەی‌ ٧٠ بەدواوە لە کۆمەڵگای‌ کوردستاندا هاتە ئاراوە.

بزووتنەوەی‌ خوێندکاریی‌ ئێران‌ کە بەدرێژایی تەمەنی خۆی لە گەلێک شێوە و قاڵبی جۆراوجۆر و بە چەندین پێناسەی جیاوازەوە خۆی نیشان دابوو و کۆمه‌ڵێک هەوراز و نشیوی بە خۆیەوە بینیبوو، توانی‌ قۆناغێکی‌ دیکەی‌ سەرهەڵدانەوەی‌ لە ساڵانی‌ دەیەی‌ ٧٠ی‌ هەتاوی ‌‌و بەتایبەت نیوەی‌ دووهەمی‌ ئەو دەیەیە دەست پێ ‌بکاتەوە‌. ئەم بزووتنەوەیە لە لووتکەی‌ تێکۆشانیدا لە ١٨ پووشپەڕی‌ ١٣٧٨دا لە لایەن ڕێژیمی‌ کۆماری‌ ئیسلامییەوە سەرکوت کرا. لە قۆناغی‌ دوای‌ پووشپەڕی‌ ١٣٧٨ بەولاوه، ئەگەرچی زۆر ڕەوتی دەستکردی پەسنبێژی دەسەڵات لە ئارادا بوون و بزووتنەوەی خوێندکاری لە قاڵبی گوتاردا فرەگوتار بووە، بەڵام ئاراستەی سەرەکیی ئەم‌ بزووتنەوەیە‌ توانی‌ چوارچێوەی‌ ڕێکخراوەکانی‌ بەستراوە بەدەسەڵات تێک بشکێنێ ‌‌و تایبەتمەندیی‌ پێکهاتەشکێن وەربگرێ‌ ‌و ببێت بە پێشڕەوی‌ دەربڕینی‌ دروشمی‌ دێموکراسی‌ ‌و دادپەروەری‌. ئەم خواستانە لە ڕاستیدا خواستەکانی‌ کۆمەڵگا بوون، کە خوێندکاران بەهۆی‌ ئەو تایبەتمەندییانەی‌ کە هەیانبوون وەک: زانستیبوون، گەنجبوون، ئامانجخوازبوون و گۆڕانخوازبوون،‌ زۆر زووتر لە چین ‌و توێژەکانی‌ دیکە هەستیان پێ کردن. ڕووداوەکانی‌ دواتری‌ کۆمەڵگای‌ ئێران ئەوەیان دەرخست کە ئەو پرسیارانەی خوێندکاران لەسەر دەسەڵات هەیانبوون، لە بەر ئەوەی پرسیاری هەموو چین و توێژەکانی تریش بوون، بە زوویی خۆیان نیشان دا و چین و توێژەکانی تریشی هێنایە نێو گۆڕەپانەکەوە.

لەم بارودۆخەدا خوێندکاری‌ کوردیش کە خواستە سەرەکییەکانی‌ ڕەنگدانەوەی‌ کۆمەڵگای‌ خۆیەتی‌، وێڕای‌ هەبوونی‌ کەموکورتی‌ لە باری‌ ڕێکخستنەوە، هەردەم بە دەنگ‌ و خواستی‌ خۆیەوە بەشداریی‌ لە بزووتنەوەی‌‌ خوێندکاریی‌ ئێراندا‌ کردووە ‌و هەمیشە لە ڕیزی‌ پێشەوەی‌ خەباتکارانی خواستە دێموکراتیکەکاندا بووە‌ و لە هیچ قوربانیدانێک نەپرینگاوەتەوە.
یەکیەتیی‌ خوێندکارانی‌ دێموکراتی‌ کوردستان بۆ وڵامدانەوە بە پێویستیی ڕێکخراوبوونی‌ بزووتنەوەی خوێندکاریی‌ کورد، بۆ بوونی‌ بە بزوتنەوەیەکی‌ تۆکمە، لە ٢٣ی‌ ڕێبەندانی‌ ١٣٨٣دا لە ڕاستای‌ هەرچی‌ زیاتر ڕێکخستن ‌و کاناڵیزەکردنی‌ خەبات‌ و تێکۆشانی‌ خوێندکاران‌ و خوێندەڤانانی‌ کورد لە پێناو گەیشتن بە ئامانجە تایبەتییەکانی‌ خوێندکاران‌ و بەدیهێنانی‌ ژیانێکی‌ ئازاد ‌و مرۆیی ‌‌و گەیشتن بە مافی‌ نەتەوایەتی‌ و ڕێگرتن لە پەرشوبڵاویی‌ هێزی‌ مرۆییی‌ خوێندکاری‌ کورد دامەزراوە‌ و بە سەرنجدان لە‌ ئاڵوگۆڕە پێشهاتووەکان لە هەر سەردەمێکدا، درێژە بە خەباتی‌ خۆی‌ دەدات.
یەکیەتیی‌ خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان، بە سەرنجدان بەوەی کە خۆی بە گرێدراوی ڕەوتی خەباتی ڕزگاریخوازانەی کوردستان دەبینێت، بە پاشخانێکی دوورودرێژی مێژوویی سەرچاوەگرتوو لە ڕەوتی گەشەسەندنی مێژووی کوردستان و سەرجەم خەبات و بزووتنەوە رزگاریخوازەکانی ئەو مێژووە و تێکڕای ئەو نەهامەتییانەی ئەم نەتەوەیە دیتوویەتی و ئەو زوڵمەی بەرامبەری کراوە و لە هەموو گرینگتر ئەو پەیوەندییەی کە لەگەڵ ئەوانی دیکە هەیبووە، باوەڕی وایە پێشمەرجی شکڵگرتنی هەر فۆرمێکی سیاسی لە داهاتوودا، پێویستە لەسەر ناسنامەی قووڵتر تێگەیشتنی ناسنامەیی بێت، کە خەڵکانی ئەم سەرزەوییە سەبارەت بە خۆیان هەیانە. ئەمە دەتوانێت ئەزموونێکی جیاواز و ژیانێکی جیاواز و شکۆمەندانە بۆ تاکەکان بخۆڵقێنێ و مێژوویەکی نوێ بخوڵقێنێ.

بەرنامە و پێڕەوی‌ نێوخۆی یەکیەتیی‌ خوێندکارانی‌ دێموکراتی‌ کوردستان

بەشی‌ یەکەم
بەرنامە و ئامانجەکان

بەرنامە:

بەرنامەی‌ یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان‌، ڕێکخستن و ڕێبەریکردنی‌ خوێندکار و خوێندەڤانانی‌‌ خەباتکار و ئازادیخوازی‌ خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات و کوردی ناوچە جیاجیاکانی ئێرانە، بە مەبەستی:

ئا: ئامانجە گشتییەکان
ب: تایبەت بە خوێندکاران

ئا) ئامانجە گشتییەکان

١ـ پشتگیری‌‌ و بەشداریی‌ چالاکانە لە خەباتی ڕزگاریخوازانەی نەتەوەی‌ کورد.
٢ـ هەوڵدان بۆ پێکهێنانی‌ فەرهەنگێکی‌ نەتەوەییی پێشکەوتنخوازانە لە سەر بنەما مرۆیی و دێموکراتیکەکان.
٣. هەوڵدان بۆ پاراستنی هێما و بەها نەتەوەیییەکانی نەتەوەی کورد.
٤ـ تێکۆشان بە مەبەستی‌ سەقامگیرکردنی‌ سیستمێکی‌ دێموکراتیک و دەروەست بە بنەما و کۆنوانسیۆنە جیهانییەکانی‌ مافی‌ مرۆڤ، هاوشان لەگەڵ چین‌ و توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگای ئێران.
٥ـ هەوڵدان و ڕووبەڕووبوونەوەی وشیارانە بۆ پێشگرتن لە هەر جۆرە خوێندنەوەیەکی بەرتەسکی‌ ئایدۆلۆژیکی‌ چەمک و بەهاکان بە مەبەستی‌ پێشگیری‌ لە پەرەسەندنی‌ تاکڕەنگی‌ و یەکدەستکردنی‌ کۆمەڵگا و ڕەگەزپەرەستی‌.
٦ـ خستنەڕووی ڕاستییەکانی‌ پێکهاتەی کۆمەڵگای‌ ئێران، بە مەبەستی ڕەنگدانەوەی‌ لە نێو سیستمی‌ سیاسیی‌ کۆمەڵگادا.
٧ـ هەوڵدان بۆ بەرزکردنەوەی‌ ئاستی‌ ڕووناکبیری و زانستیی‌‌ خوێندکار‌ و بەهێزکردنی‌ پێوەندییەکانی‌ زانکۆ لەگەڵ شوێن‌ و ناوەندە ڕووناکبیری‌ و مەدەنی‌ و حکومییەکان بە مەبەستی‌ گەشەکردنی کۆمەڵگای‌ مەدەنی‌.
٨ـ هەوڵدان بۆ پێکهێنانی‌ پێوەندی ‌‌و دیالۆگێکی‌ بنیاتنەر لەگەڵ ڕێکخراوە خوێندکارییەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات و بەشەکانی دیکەی کوردستان.
٩ـ هەوڵدان بۆ پێوەندیگرتن لەگەڵ‌ ڕێکخراوە خوێندکارییەکانی نەتەوەکانی ئێران و ڕێکخراوە خوێندکارییە بیانی ‌‌و نێونەتەوەیییەکان.

ب) تایبەت بە خوێندکاران
١ـ هەوڵدان بۆ پێکهێنانی بەستێنی تێئۆریک بە مەبەستی ڕێکخستنی بزووتنەوەیەکی خوێندکاریی کورد بە شێوازی عەقڵیەتی ڕەخنەگرانە.
٢ـ بەشداریی‌ بزووتنەوەی‌ خوێندکاریی‌ کورد لە خەباتی هاوبەشی لایەنە پێشکەوتنخوازەکانی بزووتنەوەی خوێندکاریی ئێراندا، بە مەبەستی گەیشتن بە ئامانجە هاوبەشەکان.
٣ـ هەوڵدان بۆ پێکهێنانی‌ هاوبیری‌، هاوڕێیی‌‌ و هاوکاریی پراکتیکیی‌ لەگەڵ خوێندکارانی‌ کورد و سەرجەم خوێندکارە ستەملێکراوەکانی ئێران بە مەبەستی‌ بەدیهێنانی‌ ئامانجە هاوبەشەکان.
٤ـ هەوڵدان بۆ پێکهێنانی‌ پێوەندییەکی‌ پتەو لە نێوان قوتابییان‌ و بزووتنەوەی‌ خوێندکاریدا، وەک هاوڕێ ‌و پشتیوانی‌ ئەم بزووتنەوەیە.
٥ـ هەوڵدان بۆ بەدەستهێنان ‌و گەشەپێدانی‌ ئاستی‌ ئازادییە سیاسی‌ و فەرهەنگییەکان لە زانکۆدا.
٦ـ تێکۆشان بە مەبەستی‌ نەهێشتنی‌ هەڵاواردن لە سەر بنەمای‌ هەر جۆرە جیاوازییەک لە زانکۆدا.
٧ـ خەبات بۆ پاراستنی‌ کەرامەت و سەربەخۆییی زانکۆ‌ و پێشگیری‌ لە هەر چەشنە دەستێوەردانێکی سەربازی، سیاسی و ئایدۆلۆژیکی لە زانکۆدا.
٨ـ هەوڵدان بۆ بەرفراوانکردنی باری دارایی زانکۆ بە مەبەستی بردنەسەری ئاستی چەندایەتی و چۆنایەتیی زانکۆکان.

بەرنامە و پێڕەوی‌ نێوخۆی یەکیەتیی‌ خوێندکارانی‌ دێموکراتی‌ کوردستان

بەشی‌ دووهەم: پێڕەوی نێوخۆ

مادەی ١: ناوی‌ ڕێکخراو

ناوی‌ رێکخراو‌ “یەکیەتیی‌ خوێندکارانی‌ دێموکراتی‌ کوردستانـ”ـە، کە لە هێندێک شوێنی ئەم بەرنامە و پێڕەوەدا بە “یەکیەتیی خوێندکاران‌” ناوی دێت. ئەم یەکیەتییە، ڕێکخراوی‌ هەموو خوێندکار ‌و خوێندەڤانێکی‌‌ ئازادیخواز‌ و دێموکراتی‌ کورد و کوردستانییە لە ئێراندا.
تێبینی:
لێرەدا مەبەست لە خوێندەڤان هەر کەسێکە کە دەرچووی‌ ناوەندێکی‌ ئاکادێمی وەک زانکۆ یا هەر دامەزراوەیەکی دیکەی خوێندنی باڵا بێت.

مادەی‌٢: شیکردنەوەی هێمای یەکیەتیی خوێندکاران
ئارم و لۆگۆی یەکیەتیی خوێندکاران بریتییە لە:
چوار کتێب کە لە تەنیشتەوە ڕیز کراون، دوو کتێبی دیکە بە کراوەیی دەردەکەون کە هێمان بۆ زانست و فێربوون و نیشانەیەکیش بۆ ئەوەی کە ئەو زانیارییانە کە دەبێت فێری ببین زیاترە لەو زانیارییانەی کە لە بەردەستدان. بە کۆی ئەم کتێبانەش شێوەی دەستی چەپ بە ڕەنگی سوور و بە مستکراوی دروست دەبێت، کە نیشانەی کۆکردنەوەی زانایی و ئاگایی لە دەوری خەبات و شۆڕش، و شۆڕشگێڕبوونی بزووتنەوەی خوێندکارییە.
ئەم دەستە دەکەوێتە سەر چوارگۆشەیەک بە ڕەنگی شین. چوارگۆشە بە هێمای هێز و بوێری و دڵنیایی و ڕەنگی شین بە مانای هۆش و بەرپرسیاربوون و متمانەکردن دێت.

مادەی‌ ٣: پێکهاتەی‌ ڕێکخراوەیی‌ یەکیەتیی‌ خوێندکارانی‌ دێموکراتی‌ کوردستان
پێکهاتەی‌ یەکیەتیی‌ خوێندکاران بریتییە لە:
١ـ کۆنگرە
٢ـ کۆمیتەی بەڕێوەبەریی گشتی
٣ـ هەیئەتی ئیجرایی
٤ـ کۆمیتە ناوچەیییەکان
٥ـ شانە
٦ـ ئەندام

مادەی ٤: کۆنگرە
کۆنگرە بەرزترین ناوەندی‌ بڕیاردانی‌ یەکیەتیی خوێندکارانە، کە بە بەشداریی‌ ئەندامانی سەرەکیی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی گشتی، جێگر و ڕاوێژکارانی کۆمیتەی بەڕێوەبەری گشتی و نوێنەرانی‌ هەڵبژێردراوی‌ ئەندامانی‌ یەکیەتیی خوێندکاران پێک دێت.

٤ـ ١
کۆبوونەوەکانی‌ کۆنگرە بە ئامادە بوونی ٣/٢ ئەندامەکانی‌ فەرمی‌ دەبن.

تێبینی ١‌: هەر ئەندامێکی یەکیەتیی خوێندکاران بۆ بەربژێربوون لە کۆنفرانس بۆ کۆنگرە پێویستی بە لانیکەم پێشینەی شەش مانگ ئەندامەتی هەیە.

تێبینی ٢‌:
کۆنگرە بە ئامادەبوونی ئەندامانی سەرەکیی بەڕێوەبەریی گشتی، جێگر و ڕاوێژکارانی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی گشتی و نوێنەرانی‌ ئەندامانی‌ یەکیەتیی خوێندکاران، بەپێی‌ ئەو ڕێژەیە کە کۆمیتەی بەڕێوەبەریی گشتی‌ دیاریی‌ دەکات و لە کۆنفڕانسەکاندا هەڵدەبژێردرێن، پێک دێت، بە مەرجێک کە نوێنەرانی هەڵبژێردراوی کۆنفڕانسەکان لانیکەم ٣/٢ی ئەندامانی کۆنگرە پێک بێنن.

مادەی‌ ٥: کۆنگرەی‌ ئاسایی‌
کۆنگرەی‌ ئاسایی‌ سێ ساڵ جارێک دەبەسترێت.

٥ -١: ئەرک ‌و دەسەڵاتەکانی‌ کۆنگرەی‌ ئاسایی‌ بریتین لە:

ئا) تاوتوێکردن و پەسەندکردنی‌ ڕاپۆرتی‌ سێ ساڵەی‌ کۆمیتەی بەڕێوەبەریی گشتی‌.
ب) دیاریکردنی‌ سیاسەتە گشتییەکانی‌ یەکیەتیی خوێندکاران.
پ) هەڵسەنگاندنی کار و تێکۆشانی ئۆرگانەکانی‌ یەکیەتیی خوێندکاران.
ت) پێداچوونەوە و پەسەندکردنی گۆڕانکارییەکانی بەرنامە و پێڕەوی نێوخۆی یەکیەتیی خوێندکاران.
ج) هەڵبژاردنی‌ ئەندامانی‌ سەرەکی و جێگری کۆمیتەی بەڕێوەبەریی گشتی.

٥ -٢: بۆ پەسەندکردنی‌ هەر بابەتێک لە کۆنگرەدا، دەنگی‌ ئەرێنیی‌ (نیوە کۆ یەکـ)ـی‌ ئەندامانی‌ بەشداربووی پێویستە.

تێبینی‌:
کەسێک کە خۆی‌ بۆ ئەندامەتیی‌ کۆمیتەی بەڕێوەبەریی گشتی‌ هەڵدەبژێرێ‌، لانیکەم پێویستە پێشینەی‌ یەک ساڵ ئەندامەتیی‌ لە یەکیەتیی خوێندکاراندا هەبێت.

مادەی ٦: کۆنگرەی‌ نائاسایی‌
کۆنگرەی‌ نائاسایی ‌بە داخوازیی ‌٤/٣ی‌ ئەندامانی‌ سەرەکیی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی گشتی و لەسەر داوای‌ بە نووسراوە پێشکەشکراوی نیوەی ئەندامانی سەرەکیی یەکیەتیی خوێندکاران بە کۆمیتەی بەڕێوەبەریی گشتی‌، دەبەسترێت.
٦-١: ئەرک‌ و دەسەڵاتەکانی‌ کۆنگرەی‌ نائاسایی‌ هەر وەک کۆنگرەی‌ ئاسایییە.
٦-٢: ئەندامانی کۆنگرەی نائاسایی بریتین لە: ئەندامانی سەرەکی و جێگر و ڕاوێژکارانی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی گشتی و هەروەها بەرپرس و ئەندامانی سەرەکیی هەڵبژێردراوی کۆمیتە ناوچەییەکانی یەکیەتیی خوێندکاران.

مادەی ٧: کۆمیتەی بەڕێوەبەریی‌ گشتی

کۆمیتەی بەڕێوەبەریی گشتیی‌ یەکیەتیی خوێندکاران‌ لە ٩ ئەندامی‌ سەرەکی‌‌ و ٣ جێگر پێک دێت،‌ کە لە نێوان ئەندامانی‌ یەکیەتیی خوێندکاران ‌بەشدار لە کۆنگرە‌ (بە سەرنجدان بە تێبینیی‌ مادەی‌ ٥) و بۆ ماوەی‌ ٣ ساڵ هەڵدەبژێردرێن. پاش کۆنگرە ئەم کۆمیتەیە بەرزترین ناوەندی‌ بڕیاردانی‌ یەکیەتیی خوێندکارانە‌.

تێبینی ١‌:
کۆمیتەی بەڕێوەبەریی گشتی‌ دەبێ لانیکەم ٣ مانگ جارێک کۆ ببێتەوە.
تێبینی‌٢:
کۆبوونەوەکانی‌ کۆمیتەی بەڕێوەبەریی‌ گشتی بە بەشداریی‌ ئەندامانی‌ سەرەکی‌‌ بە مافی دەنگدان و ئەندامانی جێگر و ڕاوێژکار بەبێ مافی دەنگدان دەگیردرێن.
تێبینی ‌٣:
کۆمیتەی بەڕێوەبەریی گشتی دەتوانێ بە ڕێژەی نیوەی ئەندامانی سەرەکیی خۆی، واتە ٥ کەس، وەک ڕاوێژکاری بەڕێوەبەری هەڵبژێرێت.
تێبینی ‌٤:
لە کاتی دەستلەکارکێشانەوە یا نەمانی هەر ئەندامێکی سەرەکیی کۆمیتەی بەڕێوەبەری، ئەندامێکی جێگر بەپێی ڕیزبەندی دەنگەکانیان لە کۆنگرەدا، دەبێتە ئەندامی سەرەکیی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی گشتی.

٧ -١ ئەرک‌ و دەسەڵاتەکانی‌ کۆمیتەی بەڕێوەبەریی گشتی‌ بریتین لە:

ئا) هەڵبژاردنی‌ سکرتێر و هەیئەتی ئیجرایی یەکیەتیی خوێندکاران.
ب) هەڵبژاردنی جێگری سکرتێر لە نێو ئەندامانی هەیئەتی ئیجرایی یەکیەتیی خوێندکاران.
پ) ئامادەکردنی‌ ئاییننامەی کاری کۆمیتەی بەڕێوەبەریی گشتی یەکیەتیی خوێندکاران.
ت) ئامادەکاری‌ بۆ گرتنی کۆنگرەی یەکیەتیی خوێندکاران.
ج) تاوتوێکردن و هەڵسەنگاندنی‌ ڕاپۆرتی‌ کۆمیتەکانی یەکیەتیی خوێندکاران و چاوەدێریی‌ کارەکانیان.
ح) هەڵبژاردنی‌ بەرپرسانی‌ بەشە سەرەکییەکانی یەکیەتیی خوێندکاران.
خ) پێداچوونەوەی‌ ڕاپۆرتی‌ ماڵیی‌ یەکیەتیی خوێندکاران و دیاریکردنی حەقی ئەندامیەتی.
د) پەسەندکردنی‌ ئاییننامەی کاری کۆمیتە ناوچەیییەکانی یەکیەتیی خوێندکاران.
و) هەڵبژاردنی ڕاوێژکارانی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی گشتیی یەکیەتیی خوێندکاران.
تێبینی ‌١:
هەر ئەندامێکی یەکیەتیی خوێندکاران کە بیهەوێت خۆی بۆ پۆستی سکرتێری کاندید بکات، دەبێ لانیکەم پێشینەی ٣ ساڵ ئەندامەتی و کارکردنی لە ڕێکخراودا هەبێت.

تێبینی ‌٢:
ئەرکەکانی‌ سکرتێری‌ یەکیەتی خوێندکاران ‌ بریتین لە:
١ـ سکرتێر بەرپرسە لە دروستکردنی هەماهەنگیی لە نێوان بەشەکانی یەکیەتیی خوێندکاران و چاوەدێریی کار و چالاکییەکانیان دەکات.

٢ـ پێکهێنان‌ و بەڕێوەبردنی‌ کۆبوونەوەکانی‌ کۆمیتەی بەڕێوەبەریی گشتی.
٣- پێش هەموو کۆبوونەوەیەکی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی گشتی بەرنامەی کاریی کۆبوونەوە و باسەکانی دیاری دەکات و بۆ سەرجەم ئەندامانی بەڕێوەبەری دەنێرێت.
٤ـ دیاریکردنی کات و شوێن و بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەکانی هەیئەتی ئیجرایی.
٥. بەرپرسیارە لە پەیوەندییەکانی یەکیەتیی خوێندکاران لەسەر ئاستی نێوخۆیی و دەرەوە.
٦. لە هەر کاتێکدا دەتوانێت داوای ڕاپۆرت لە بەشەکانی یەکیەتیی خوێندکاران بکات و لەگەڵ هەبوونی هەر کەمکاری یا کەموکورتییەک لە هەر بەشێکیاندا، لێپرسینەوە بکات.
٧. لێپرسینەوە لە هەر ئەندامێکی بەڕێوەبەری یا بەرپرسی بەشێک لە بەرامبەر کەمکارییەکانیاندا.
٨. دەتوانێ داوای سزا بۆ ئەندامانی کۆمیتەی بەڕێوەبەری و هەر ئەندامێکی یەکیەتیی خوێندکاران بکات.

تێبینی‌ ٣:
هەر کاتێک یەکێک لە ئەندامانی‌ بەڕێوەبەری‌ ئەرکەکانی‌ خۆی بەجێ نەگەیەنێت یان زەربە لە پرێستیژ ‌و کەسایەتیی ڕێکخراو بدات، لێژنەی‌ بەڕێوەبەری‌ بۆی هەیە بەپێی پێڕەوی نێوخۆ سزای‌ بدات.

تێبینی٤:
جێگری سکرتێر لە کۆتاییی هەر کۆبوونەوەیەکی کۆمیتەی بەڕێوەبەری و هەیئەتی ئیجراییدا، کۆنووسی کۆتایی کۆبوونەوەکە ئامادە دەکات، کە سەرجەم بڕیار و پێشنیارەکانی کۆمیتەی بەڕێوەبەری دەگرێتەوە.

تێبینی٥:
لەگەڵ دەرچوونی هەر بڕیار، ئاییننامە و بەخشنامەیەک، جێگری سکرتێر دەبێ هەموو بەشەکانی یەکیەتیی خوێندکارانی لێ ئاگادار بکاتەوە
تێبینی ٦:
کۆمیتەی بەڕێوبەریی گشتی دەتوانێت پێش بەڕێوەچوونی کۆنفرانسەکانی کۆنگرە، بە ڕێژەی نیوەی ئەندامانی ئەسڵی، میوان بە مافی دەنگدانەوە بۆ کۆنگرە بانگهێشت بکا.

٧ -٢: کۆبوونەوەکانی‌ کۆمیتەی بەڕێوەبەریی گشتی‌ بە ئامادەبوونی‌ لانیکەمی ‌٣/٢ی‌ ئەندامانی‌ سەرەکیی‌ کۆمیتەی بەڕێوەبەری ڕەسمی‌ دەبن.
٧ -٣: بڕیارەکانی‌ کۆمیتەی بەڕێوەبەری گشتی‌ پێویستی‌ بە دەنگی‌ ئەرێی‌ (نیوە کۆ یەکـ)ـی‌‌ ئەندامانی‌ سەرەکیی‌ بەشدار لە کۆبوونەوەدا هەیە.
٧ -٤: ئەگەر ڕێژەی ئەندامانی سەرەکیی بەشداربوو لە کۆبوونەوەی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی گشتیدا نەگەیشتە‌ ٣/٢ی‌ ئەندامانی‌ سەرەکیی‌ کۆمیتەی بەڕێوەبەری، کۆبوونەوەکە ڕەوایی نابێ و دوا دەخرێت، دوای تێپەڕبوونی مانگێک بەسەر کاتی دواخرانی ئەو کۆبوونەوەیەدا، بە بەشداریی نیوەی ڕێژەی ئەندامانی سەرەکیی کۆمیتەی بەڕێوەبەری، کۆبوونەوەکە ڕەوایی پەیدا دەکات، بەڵام بڕیارەکانی ئەم کۆبوونەوەیە بە دەنگی ٣/٢ی ئەندامانی‌ سەرەکیی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی بەشدار لە کۆبوونەوەکەدا پەسەند دەکرێن.

مادەی ٨: هەیئەتی ئیجرایی

ڕێژەی ئەندامانی هەیئەتی ئیجرایی ١ لە ٣ی ئەندامانی کۆمیتەی بەڕێوەبەرین، کە لە لایەن کۆمیتەی بەڕێوەبەرییەوە هەڵدەبژێردرێن. هەر یەک لە سکرتێر و جێگری سکرتێر ئەندامی هەیئەتی ئیجرایین.

٨-١: ئەرک ‌و دەسەڵاتەکانی‌ هەیئەتی ئیجرایی بریتین لە:
ئا) لە ماوەی نێوان دوو کۆبوونەوەی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی گشتیدا، هەیئەتی ئیجرایی بەرپرسیارە لە جێبەجێکردن و چاوەدێریکردنی بەڕێوەچوونی بڕیاراتی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی گشتی و ڕاپۆرتی کاریی خۆی دەداتەوە بە کۆمیتەی بەڕێوەبەریی گشتی.
ب) بەپێی پێڕەوی یەکیەتیی خوێندکاران، مافی تەشویقکردن، لێپرسینەوە و سزادانی ئەندامانی یەکیەتی خوێندکارانیان هەیە.
تێبینی ١:
هەر ئەندامێکی بەڕێوەبەری کە بیهەوێ ڕیزەکانی یەکیەتیی خوێندکاران بەجێ بهێڵێت، دەبێ یەک مانگ پێشتر هەیئەتی ئیجرایی لەو هەڵوێستەی ئاگادار بکاتەوە. لە ئەگەری ئاگادار نەکردنەوەی هەیئەتی ئیجراییدا، ڕابردووی کاری بۆ حیساب ناکرێت.

تێبینی‌٢:
هەر کات هەیئەتی ئیجرایی بە پێویستی بزانێت، بەرپرسی بەشە سەرەکییەکان یا کۆمیتە ناوچەیییەکان، بەبێ مافی دەنگدان، لە کۆبوونەوەکانیدا بەشدار دەکات.

مادەی‌٩: پێکهاتەی یەکیەتیی خوێندکاران

ئا) بەشە سەرەکییەکان:
ب) کۆمیتە ناوچەییەکان:
٩-١ : بەشە سەرەکییەکان بریتین لە:
١ـ بەشی تەشکیلات‌
٢ـ بەشی‌ ڕاگەیاندن
٣ـ بەشی پەروەردە
٤ـ بەشی ماڵی‌- بەڕێوەبەری‌
٥ـ بەشی‌ پێوەندییە‌کان
٦. بەشی توێژینەوە

٩ -٢: کۆمیتە ناوچەیییەکان
کۆمیتەی‌ ناوچەیی‌، کۆمیتەیەکی ٥ یا ٣ کەسییە، بۆ بەڕێوەبردنی‌ کاروباری‌ یەکیەتیی خوێندکاران‌ لە ناوچەیەکی دیاریکراو، کە لە کۆنفڕانسە ناوچەییەکاندا هەڵدەبژێردرێن و یەکێکیان وەک بەرپرسی‌ کۆمیتە و ئەوانی‌ دیکە وەک ئەندامانی‌ کۆمیتە کار دەکەن.
کۆمیتەکان بە دوو شێوە دابەش دەبن:

1- کۆمیتەی‌ بەش
2- کۆمیتەی‌ گشتی

پێناسە:
کۆمیتەی‌ بەش: یەکەیەکی‌ فێرکارییە کە دەتوانێت‌ کۆلیژ یا زانکۆ بێت.
کۆمیتەی‌ گشتی: لە کۆمەڵەیەکی‌ پێوەندیدار بەیەکەوە پێک دێت‌، وەک زانکۆ پزیشکییەکان یا یەکەکانی‌ ناوچەیەکی‌ جوگرافیایی‌ وەک پارێزگا.

٩ -٣: کۆمیتەی‌ گشتی لەسەر داوای‌ کۆمیتەی‌ بەشە پێوەندیدارەکان ‌و بە پەسەندکردنی‌ کۆمیتەی بەڕێوەبەری‌ پێک دێت‌.

تێبینی‌١:
کۆمیتەی‌ بەڕێوەبەری‌ ڕاستەوخۆ دەتوانێ کۆمیتەی‌ گشتی پێک بێنێت‌.

تێبینی ‌٢:
لە هەر شوێنێک ڕێژەی ئەندامانی یەکیەتیی خوێندکاران بۆ پێکهێنانی کۆمیتە تەواو نەبێت، کەسێک لە لایەن کۆمیتەی بەڕێوەبەریی گشتییەوە وەک نوێنەری یەکیەتیی خوێندکاران لەو شوێنە دیاری دەکرێت.

مادەی‌ ١٠: ئەندامەتی‌
١٠ -١: هەر خوێندکار یان خوێندەڤانێکی‌ هاووڵاتیی کوردستانی ڕۆژهەڵات و کوردی هەموو ناوچەکانی ئێران، پاش قەبووڵکردنی‌ ئەم مەرجانەی‌ خوارەوە و دوای تێپەڕاندنی ماوەیەکی تاقیکاری (شەش مانگ)، دەتوانێ ببێت‌ بە ئەندامی‌ سەرەکیی‌ یەکیەتیی خوێندکاران.

مەرجەکان
ئا) قەبووڵکردنی ‌بەرنامە ‌و پێڕەوی‌ یەکیەتیی خوێندکاران.
ب) خوێندکار بێت‌ یا خوێندنی‌ باڵای‌ لانیکەم لە ئاستی‌ کارزانی (فەوق دیپلومـ)ـدا تەواو کردبێت.
پ) هاوکات ئەندامی‌ هیچ ڕێکخراو‌ و رێکخستنێکی‌ خوێندکاریی‌‌ دیکە نەبێت.

تێبینی ١:
بەندی‌ (پ) ڕێکخراوە خوێندکارییە دێموکراتیکەکانی‌ وڵاتانی دەرەوە ناگرێتەوە کە بەرنامە و ئامانجەکانیان لەگەڵ بەرنامە و ئامانجەکانی یەکیەتیی خوێندکاران ناتەبا نەبێت.

تێبینی ‌٢:
ئەو خوێندکارانەی کە بە هۆی هاوکاریی لەگەڵ یەکیەتیی خوێندکاران لە درێژەدانی خوێندنی زانکۆ بێبەش دەکرێن و وڵات بەجێ دەهێڵن، بە مەرجی هەبوونی بەڵگەیەکی سەلمێنەر وەک ئەندامی یەکیەتیی خوێندکاران وەردەگیرێن و ڕابردووی کاریان بۆ ئەژمار دەکرێت.

تێبینی ‌٣:
ئەو خوێندکارانەی لەژێر گوشاری دەسەڵاتی سیاسی لە ئێران ناچار دەبن وڵات بەجێ بهێڵن، بە مەرجی هەبوونی بەڵگەی سەلمێنەر، دەتوانن ببنە ئەندامی یەکیەتیی خوێندکاران.

ماده‌ی ١١: ئه‌رکی ئه‌ندام
١١ -١: ئەرکەکانی‌ ئەندام بریتین لە:

ئا) بەشداری‌ لە کار‌ و چالاکییەکانی‌ یەکیەتیی خوێندکاراندا.
ب) لە یەکێک لە بەشە سەرەکییەکانی‌ یەکیەتیی خوێندکاراندا چالاکیی هەبێت و سازمان درابێت.
پ) دانی‌ مافی‌ ئەندامەتی‌ بەپێی‌ پێڕەوی‌ پێوەندیدار.
ت) هەوڵدان لە ڕاستای‌ بەرەوپێشبردنی‌ سیاسەتەکانی‌ یەکیەتیی خوێندکاران و هەوڵدان بۆ ناساندنی ئەندامی نوێ بە یەکیەتیی خوێندکاران.

مادەی ١٢: مافی ئەندام
١٢ -١: هەموو ئەندامێکی (لە مادەی ١٠) یەکیەتیی خوێندکاران، مافی ئەوەی هەیە ڕەخنە و پێشنیارەکانی خۆی لە پێوەندی لەگەڵ بابەتێکی دیاریکراو لە کاروباری بەشەکانی یەکیەتیی خوێندکاراندا، بگەیەنێتە لایەنی پێوەندیدار لە یەکیەتیی خوێندکاران و لە ماوەی ١٥ ڕۆژدا وڵام وەربگرێتەوە.

١٢ -٢: هەر ئەندامێکی یەکیەتیی خوێندکاران مافی بەشداریکردن بە مافی دەنگدان و دەنگوەرگرتنی لە کۆنفڕانسەکان و کۆنگرەی یەکیەتیی خوێندکاراندا هەیە و دەتوانێت بەپێی مەرجە دیاریکراوەکان خۆی بۆ ئەندامیەتیی کۆنگرە، کۆمیتەی بەڕێوەبەریی گشتی و هەر بەرپرسایەتییەکی دیکەی یەکیەتیی خوێندکاران بەربژێر بکات.

مادەی‌ ١٣: سزای‌ ئەندامان
هەر کاتێک ئەندام ئەرکەکانی‌ خۆی‌ جێبەجێ‌ نەکات یان کردەوەیەکی‌ وا ئەنجام بدات کە لەگەڵ پرەنسیپەکانی‌ یەکیەتیی خوێندکاران نەگۆنجێت و زەربە لە کەسایەتی و پرێستیژی ڕێکخراو بدات، بەپێی جۆری خەتاکەی سزا دەدرێت.
سزاکان بریتین لە:
. سەرکۆنه‌ی زارەکی‌
. سەرکۆنە بە نووسراوه
. هەڵپەساردن
. لێ ئەستاندنەوەی بەرپرسایەتی
ـ لێ ئەستاندنەوەی مافی ئەندامیەتی

تێبینی ١:
ماوەی‌ هەڵپەساردن دەبێ لە یەک ساڵ زیاتر نەبێت.
تێبینی ٢:
کەسی سزادراو مافی تانەلێدان لە سزاکەی و ئامادەبوونی بۆ بەرگریکردن لە خۆی هەیە لە ماوەی ٣٠ ڕۆژدا.

بەرنامە و پێڕەوی‌ نێوخۆی‌ یەکیەتیی‌ خوێندکارانی‌ دێموکراتی‌ کوردستان

بەشی‌ سێهەم: کاروباری ماڵی

سەرچاوە ماڵییەکانی‌ یەکیەتیی خوێندکاران‌ بریتین لە:

ـــــــ مافی‌ ئەندامەتیی‌ ئەندامەکانی یەکیەتیی خوێندکاران‌.
ـــــــ یارمەتییە ماڵییەکانی‌ ئەندامان‌ و دۆستانی‌ یەکیەتیی خوێندکاران‌.
ـــــــ چالاکییە ئابوورییەکانی‌ یەکیەتیی خوێندکاران‌.

برای تغییر این متن بر روی دکمه ویرایش کلیک کنید. لورم ایپسوم متن ساختگی با تولید سادگی نامفهوم از صنعت چاپ و با استفاده از طراحان گرافیک است.